• نوێترین بابەت

    الخميس، 21 سبتمبر 2017

    هەمیشە کڕیار لە سەر حەقە


    هەمیشە کڕیار لە سەر حەقە

    عەلی وەردی ئەڵێ ( گەرچی باوکم پیشەگەرێکی باش بوو ، بەڵام فرۆشیارێکی کارامە نەبوو، چونکە باوکم لەگەڵ مشتەریەکاندا گیر و گازی زۆر ئەکرد ، باوکم بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ خەڵکدا دەکرد وەکو ئەوەی بە بەلاش شتیان پێ بفرۆشێت ، بۆیە رێگەی بەکەس نەدەدا رەخنە لەکارەکەی بگرێت ئەمەش وای کرد رۆژ بەرۆژ پیشەکەی روو لەکزی بکات)
    لە راستیدا دێڕێک هەیە دەڵێت (کڕیار هەمیشە لە سەر حەقە) چونکە خەڵکی لە بەرامبەر هەر خزمەتگوزاریەکی (مادی و مەعنەوی) دا کە پێشکەشی دەکرێت پارە ئەدات ، لەبەر ئەوە دەبێت فرۆشیار هەمیشە ، سوپاس گوزار و دەست لەسەر سنگ و ڕوو خۆش بێت بۆ کڕیار ، نەک بە پێچەوانەوە ،لە راستیدا کابرای سایەق کە تۆ دەگوازێتەوە بەبەلاش ناتگوازێتەوە بەڵکو پارە وەر دەگرێت ، کە قژت بۆ چاک ئەکەن بە بەلاش بۆت چاک ناکەن بەڵکو لە بارمبەردا پارە دەدەیت ، کە ئەچیت بۆ لای پزیشک پارە دەدەیت بەبەلاش نات پشکنێت ، کە تەماتە ئەکڕیت ، کە گۆشت ئەکریت هەروەها ، هەموو پیشەیەک کۆمەڵێک پرەنسیپ و ئەخلاقیاتی خۆی هەیە .
    لەبەر ئەوە ناکرێت شۆفێر بەئارەزووی خۆی مامەلە لەگەڵە سەرنشین بکات ، نابێت بە ئارەزووی خۆی دەنگ بەرز بکاتەوە ، جنێو بدات لەبەر چاوی سەرنشین ، جگەرە بکێشێت ، دەنگی تەسجیل بەرز بکاتەوە ، یان تۆ ئیجبار بکات گوێ لەو شتە بگریت کە خۆی پێیی خۆشە ،
    کە دەچیتە لای سەرتاشێک ناکرێت دوو مقسەت لە قژت بدات و دووجار جوابی تەلەفۆن بداتەوە ، یان پزیشکێک یان فیتەرێک یان تەنانەت کارمەندێکی حوکومی و ئەوانەشی کە موکەلفن بە خدمەی عام ،
    ئەوانەشی کارمەند و فەرمانبەرن لە بەرامبەر ئەو خزمەتگوزارە مەعنەویەی کە پێشکەشی ئەکەن پارە وەر دەگرن ، لەبەر ئەوە ناکرێت لەبەرامبەر خەڵکدا روو گرژ و مڕ و مۆچ بن ، یان منەت بەسەر خەڵکدا بکەن ،جا شێخی سەعدی لە گوڵستانەکەیدا دەفەرموێت (بە دەم جنێوت پێبدەن خۆشترە ، لەوەی بەسەر سەلامت لێبکەن)
    جاری وایە ئەچیتە دوکانێک یان کۆمپانیایەک تەنانەت فەرمانگەیەک ، تۆ زۆر بەگەرمی سەلام ئەکەیت ، کەچی زۆر بەساردی وەڵامت ئەدەنەوە یان ئەسڵەن هەر وەڵامت نادەنەوە ، لەکاتێکدا دەبێت بەقەد ئەو پارەیەی کە دەیدەیت یان پێت دەدرێت ، رێزی پیشەکەت و ڕێزی خەڵکیش بگریت ،خۆ ئەگەر لە دوکانێکدا کراسێک هەڵوەشێنیت و لەبەری بکەیت و بەدڵت نەبێت و نەی کڕیت حەتمەن یان شەڕێکت مسۆگەرە ، یان بێ شک قیامەت هەڵئەستێ و پێت دەڵێن (کە مشتەری نیت بۆ کاتمان ئەگریت) .
    خۆ ئەگەر بە دڵی خۆت دەست بدەیتە دوو تەماتە و بیخەیتە ناو زەرفێکەوە حەتمەن زەرفەکەت پێ ڕۆ ئەکەن و قبوڵی ناکەن ، لە کاتێکدا تۆ پارە ئەدەیت ، ئەوە جگە لەوەی کە لە زوربەی شوێنە گشتیەکان بە گەورەیی نوسراوە (قەرز نیە و فرۆشراوەش وەرناگیرێتەوە) ،عەلی وەردی دەڵێت :-خودا چۆن ڕەحم بە کۆمەڵگایەک دەکات کە دەوڵەمەندەکانی قەرز نادەن بەهەژار و فرۆشراویش بۆکەس ناگۆڕنەوە لە کاتێکدا کە پارەی کاڵاکەشیان وەرگرتووە.
    نوقتە سەری دێڕ ........................
    هەمیشە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا بکە ، کە حەز ئەکەی مامەڵەت لەگەڵ بکەن)

    ھێمن عبدالقادر

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: هەمیشە کڕیار لە سەر حەقە Rating: 5 Reviewed By: Unknown
    Scroll to Top