بیخونەرەوە ئەگەر کاتت هەبوو
ئەو چیرۆکەیە کە زۆر پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤەکانەوە هەیە
ئەگێڕنەوە کە شێری پادشای دارستان زۆر نەخۆش ئەبێت و توانای ڕاوکردنی نامێنت بۆیە بە ڕێوی ئەڵێت بڕۆ نێچیرێکم بۆ بێنە با بیخۆم بەڵێنیشت پێ ئەدەم کە هەرگیز تۆ نەخۆم و بەشیشت ئەدەم .
ڕێویش ئەڕوات لەڕێگا کەرێک ئەبینێ
پێی ئەڵێت : شێر زۆر نەخۆشە و ئەیەوێت لەپێش مردنیدا پادشایەک بۆ دارستان دابنێت ، بەمنیشی ووت بڕۆ کەر بانگ بکە چونکە ئەو زۆر گونجاوە بۆ پاشایەتی .
کەریش بەخۆشییەوە دوای ڕێوی ئەکەوێت و هەر کە ئەگەنە لای شێر یەکسەر مام شێر دوو چەپۆکی بۆ دائەوەشێنێ و هەردوو گوێی کەر لەبنا ئەقرتێنێت ، بەڵام کەریش خۆی ڕائەپسکێنێ و ڕائەکات و خۆی لێ دەرباز ئەکات .
شێر بە ڕێوی ئەڵێت : ئەبێ بڕۆی کەرەکەم بۆ بهێنیتەوە .
ڕێویش جارێکیتر ئەچێتەوە بۆ لای کەرەکە و پێی ئەڵێت : ئەوە بۆ ڕاتکرد ؟
کەریش ئەڵێت : ئاخەر ئەو خەریک بوو بمخوات هەردوو گوێشمی لەبنا پەڕاند
ڕێویش ئەڵێت : نا ئەوە تۆ بەهەڵە تێگەیشتوویت ، ئەو هەر لەبەر ئەوە گوێکانی تۆی پەڕاند هەتا تاجی پاشایەتییەکە جوان بچێت بەسەرتا چونکە گوێکانت ڕێگربوون .
جارێکی تریش کەر بڕوا بە ڕێوی ئەکاتەوە و ئەچنەوە بۆ لای شێر
ئەمجارە شێر لەدواوە پەلاماری کەر ئەدات بەڵام کلکی کەرەکە بەدەستییەوە ئەقرتێت وکەریش جارێکیتر ڕائەکاتەوە و خۆی ڕزگار ئەکات .
شێر زۆر تووڕە ئەبێت و بەڕێوی ئەڵێت بڕۆ جارێکی تریش بۆم بهێنەرەوە .
ڕێویش ئەڕوات و کەرەکە ئەدۆزێتەوە و پێی ئەڵێت : ئەوە تۆ بۆ هەر ڕائەکەیت بێ ئەقڵ ئەوە شێر بۆیە کلکی لێ کردیتەوە هەتا بتوانیت بە جوانی لە سەر کورسی پاشایەتیەکە دانیشیت .
ئەمجارەش کەر باوەڕ بە ڕێوی ئەکاتەوە و ئەگەڕێنەوە بۆ لای شێر .
شێریش ئەمجارە زۆر باش خۆی بۆ ئامادەکردووە و بەیەک چەپۆک ملی ئەشکێنێت و ئەیکوژێت ،
ئینجا شێر بە ڕێوی ئەڵێت : بڕۆ لەسەر بەڵێنەکەی خۆمان جوان کەوڵی بکە و مێشک و دڵ و جگەرەکەیم بۆ بهێنە با پێشەکی ئەوانە بخۆم
ڕێویش کەوڵی ئەکات بەڵام زۆر حەزی لە مێشکی کەرەکە ئەبێت بۆیە خێرا ئەیخوات تەنها دڵ و جگەرەکەی بۆ شێر ئەبات .
شێریش توڕە ئەبێت و ئە ڵێت ئەی کوا مێشکەکەی ؟؟؟
ڕێویش ئەڵێت : گەورەم کە کەلەکەیم شکاند مێشکی تیانەبوو
شێریش ئەڵێت چۆن شتی وائەبێ تۆ درۆ ئەکەیت .
ڕێویش لەسەخۆ و بەهێمنی بەشێر ئەڵێت :
گەورەم ئەگەر کەر مێشکی هەبوایە کە دووجار لە مردن ڕزگاری بوو ئینجا تۆ هەردوو گوێی و کلکیشت قرتانت بوو ئیتر بۆ جاری سێهەم نەئەگەڕایەوە بۆلات ...!!!!!
مەسعود سەرچناری
تێبینی : بیرۆکەی ئەو چیرۆکەم لە کتێبی بەناوبانگی (کلیلە و دیمەنە)دا وەرگرتووە کە لەساڵی هەشتاکاندا خوێندومەتەوە ، ئێستاش بیرمکەوتەوە و جارێکی تر خۆم دامڕشتۆتەوە
0 التعليقات:
إرسال تعليق